بە هۆی بازاڕگەرمی كۆمپانیاكانی تەلەفۆنی مۆبایل و زۆربوونی بەكارهێنەرانی ئەو ئامێرە، ئێستا كوچەو كۆڵانەكانی ئەم وڵاتە پڕبوون لە بورجی پەخشكردنی شەپۆلی تۆڕەكانی مۆبایل، هەندێك كەس بیر لە كاریگەرییە خراپەكانی دەكاتەوەو هەندێكیش گوێی پێنادات.
بەپێی سەرچاوە پزیشكییەكان بەڵگە هەیە لەسەر ئەوەی بورجەكانی پەخشكردنی شەپۆلەكانی تەلەفۆنی مۆبایل كاریگەری خراپ لەسەر تەندروستی دروستدەكەن. ئەوەش بەپێی چەند لێكۆڵینەوەیەك كە لەسەر مانگا كراون، هەروەها چەند لێكۆڵینەوەیەكیش كە لە ساڵی 2007 كراون، بۆ پێوانی ئەو رێژەیەی ماددە كیمیاییەكانی مۆخ دەریدەدات، ئەو لێكۆلینەوانە ئاشكرایانكردووە كە 25%ی ئەو كەسانەی لە دووری كەمتر لە 300 مەتر لە بورجەكانی مۆبایل نیشتەجێن، كاریگەری خراپ لەسەر گۆڕانی تێكڕای هۆرمۆنەكانیان دروستدەبێ، زیاتر لە 100 زانای پزیشكیش لە زانكۆكانی هارڤارد و بۆستن لە ئەمەریكا پێیانوایە بورجەكانی مۆبایل سەرچاوەیەكی ترسناكی تیشكدەرن.
لە لێكۆڵینەوەیەكدا كە لە شاری نایلای ئەڵمانیا كراوە، دەركەوتووە ئەوانەی بۆ ماوەی 10 ساڵ لەسەریەك نزیكتر لە دووری 300 مەترەوە لەبورجەكانی مۆبایل دەژین، ئامادەیی تووشبوونیان بەنەخۆشی شێرپەنجە سێ هێندە زیاترە لەو كەسانەی لە دووری زیاتر لە 300 مەترەوە لە بورجەكانی مۆبایل دەژین.
چۆنیەتی خۆپاراستن
زۆربەی لێكۆڵینەوانەوەكان ئامۆژگاری دەكەن بە دوورخستنەوەی بورجەكان بە دووری 400 مەتر لە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵك، كە ئەوە دوورییەكی تەواو بێ زیانە. هەروەها دەڵێن بورجەكان هەموویان وەك یەك زیانیان نییەو جیاوازیان هەیە بەپێی رێژەی ئەو شەپۆلانەی بڵاویدەكەنەوە، مەترسییەكەش بەوە ئاماژەی پێكراوە كە ئەگەر رێژەی شەپۆل یان تیشك لە ماڵێكدا كە تۆڕی وایەرلێسی ئینتەرنێتی تێدا نەبێ زیاتر بێ لە 100 مللی ڤۆڵت ئەوا مانای ئەوەیە رێژەكە مەترسیدارە.
كاریگەری مۆبایل لەسەر تەندروستی
ئەو تیشكانەی لە مۆبایلەوە دەردەچن بریتین لە تیشكی كارۆمۆگناتیسی، چونكە كۆمپانیاكانی مۆبایل كار لەسەر شەپۆلەكانی مایكرۆیی دەكەن بۆ ناردن و پێشوازیكردنی قسەكردن، لە جیهاندا چەندین لێكۆڵینەوەی تایبەت كراوە بۆ راددەی كاریگەری خراپی بەكارهێنانی تەلەفۆنی مۆبایل لەسەر تەندروستی مرۆڤ، چونكە ئێستا زیاتر لە 4 ملیار و 300 ملیۆن بەكارهێنەری مۆبایل لە جیهاندا هەیە.
رێكخراوی تەندروستی جیهانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە كاریگەری خراپی بەكارهێنانی مۆبایلی كەمكردووەتەوە، بەڵام رێكخراوە مەدەنییە تەندروستییەكان بەردەوام هۆشداری دەدەن لەبارەی كاریگەرییە خراپەكانی بەكارهێنانی مۆبایل بۆ ماوەیەكی زۆر.
مەترسییەكانی بەكارهێنانی تەلەفۆنی مۆبایل
تائێستا بەڵگەی یەكلاكەرەوە لە بەردەستدا نییە كە ئاشكرای بكات مەترسییەكان چین، بەڵام هەندێك رێكخراوی تەندروستی ئەم زانیارییانەیان خستووەتەڕوو:
- لەكاتی بەكارهێنانی مۆبایلدا پەستانی خوێن بە شێوەیەكی كەم بەرزدەبێتەوە و دوای تەواوبوونی پەیوەندییەكە دەگەڕێتەوە باری پێشتر.
- پلەی گەرمی مۆخ بەرزدەبێتەوە و دوای بەكارهێنانەكە دەگەڕێتەوە باری ئاسایی.
- بەكارهێنانی بۆ ماوەیەكی زۆر مرۆڤ ماندوو دەكات.
- هەندێك لێكۆڵینەوەی سویدی دەڵێن زۆر بەكارهێنانی، لوویەك لەسەر دەماری هەشتەم دروستدەكات.
بەپێی سەرچاوەكان تائێستا بەڵگەی تەواو لەبەردەستدا نییە كە بەكارهێنانی مۆبایل دەبێتە هۆی دروستكردنی شێرپەنجە یان خراپكردنی بەشێك لە مۆخ.
رێنمایی بۆ بەكارهێنەرانی مۆبایل
- دوورخستنەوەی مۆبایل بە دووری 20 سانتیمەتر لە كەللەی سەرەوە تیشكەكان بە رێژەی 98%كەمدەكاتەوە.
- بەكارهێنانی هێدفۆن تیشكەكان كەمدەكاتەوە، بەڵام هەندێك لێكۆڵینەوەش دەڵێن هێدفۆن راستەوخۆ تیشكەكان بۆ ناو مۆخ دەگوازێتەوە.
- هەندێك ئامێری مۆبایل تەكنۆلۆژیایان تێدا بەكارهێنراوە بۆ كەمكردنەوەی رادەی تیشكەكان لەوانەیە بەكارهێنانیان باشتر بێ لە جۆرەكانی دیكە.
- پێویستە منداڵ بە دوور بگیرێ لە بەكارهێنانی مۆبایل لەبەرئەوەی تێكڕای مژینی تیشكەكان لە منداڵدا زۆر زیاترە لە كەسێكی پێگەیشتوودا. .
No comments:
Post a Comment